راچڵەكین-
وەزارەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتەكانی ئەمریكای رەتكردەوە لەبارەی هەوڵدانی تاران بۆ كوشتنی باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەكسیك.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2025 ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند:" ئەو جۆرە بانگەشەیە زۆر بێ بنەماو پووچە و دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ تێكدانی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ ولاتانی تر."
دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریكا هەواڵی شكستهێنانی هەوڵێكی ئێرانیان بۆ كوشتنی باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەكسیكۆ سیتی بڵاوكردەوە، بەرپرسانی تەلئەبیب سوپاسی دەسەڵاتدارانی مەكسيكیان كرد بۆ شكستپێهێنانی ئەو هەوڵە، بەڵام هەر زوو وەزارەتی دەرەوەی مەكسیك بڵاویكردەوە:" هیچ زانیاریيەكیان لەبارەی ئەو رووداوە پێنەگەیشتووە."
هاوكات باڵیۆزخانەی ئێران لە مەكسیك ئەو تۆمەتانەی بە " درۆی شاخدارو هەڵای میدیایی ناوزەدكرد."
بەووتەی بەرپرسانی ئەمریكا، فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران، لەكۆتاییەكانی 2024 دا پلانێكیان داڕشتووە بۆ كوشتنی ئینات كرانز نایگەر- باڵیۆزی ئیسرائیل لەو وڵاتە، بەڵام پلانەكە شكستی پێهێنراوە.