رووسیا چەند ناوچەیەكی دیكەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1329

راچڵەكین -

سوپای رووسیا رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان توانیویانە دوو شارۆچكەی دیكەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكەن و لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەكانی 24 كاتژمێری رابردووش، زیاتر لە هەزار و 330 سەربازی ئۆكراینی كوژران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-11-2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێرشی زەمیینی هێزەكانیان لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ، بەردوامە و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، توانیوانە شارۆچكەیەك لە هەرێمی خاركۆڤ و شارۆچكەیەكیش لە هەرێمی دنیبروپیترۆفیك كۆنترۆڵ بكەن و چەندین هێرشی پێچەوانەی سوپای ئۆكرایناشیان بەپەرچداوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، سوپای ئۆكراینا و گروپە چەكدارە بیانییە بەكرێگیراوەكان، لەسەرجەم بەرەكانی شەڕدا تێكشكاون و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا هەزار و 332 سەربازیان كوژراون و تەرمەكانیان لە بەرەكانی جەنگ بەجێماوە.

وەزارەتەكە ئاشكراشیكردووە، هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەكانیاندا، چەندین پێگەی گرنگی سەربازیی و ژێرخانی وزەی ئۆكراینا بۆردومانكراون و زیانێكی گەورەیان پێگەیەندراوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن