مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامێك ئاڕاستەی خەڵكی سلێمانی دەكات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 2221

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەبۆنەی 241هەمین ساڵیادی بونیادنانی شاری سلێمانی، پیرزبایی لە خەڵكی شارەكە دەكات و رایدەگەیەنێت: هەموو پشتیوانییەك بۆ برەودانی  زیاتر بە گەشانەوەو پێشخستنی  شارە حەیاتەكەمان دووپات دەكەینەوە كە لە ئاستی جاویدانی و پڕشنگداریی سلێمانیدا بێت.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پەیامەكەیدا بۆ ساڵڕۆژی بونیادنانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم شارە و یەكێتی لە گشت قۆناغەكاندا بە قوربانیدان و گیانبەخشینی هەزاران رۆڵەی لەبەر پەتی سێدارە و لە سەنگەرەكانی بەرگریدا، بوونەتە دوانەیەكی دانەبڕاو لە یەكتری.

دەقی پەیامەكە:

لەیادی 241 ساڵەی بونیادنانی  شاری سلێمانی، پایتەختی ئیمارەتی بابان، پایتەختی  یەكەمین حكومەتی كوردی لە سەردەمی مەلیك مەحمود دا، پایتەختی رۆشنبیری و شۆڕشگێڕی، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی خەڵكی شار و جەماوەر و دانیشتوانەكەی دەكەین.

شاری سلێمانی لە بزاوت و جوڵانەوەی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕی و كوردایەتیدا، لە بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریدا  هەمیشە پێشەنگ بووە، بە تایبەتی لە سەردەمی دەستپێكردنی خەباتی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێدا، ئەم شارە و یەكێتی لە گشت قۆناغەكاندا بە قوربانیدان و گیانبەخشینی هەزاران رۆڵەی لەبەر پەتی سێدارە و لە سەنگەرەكانی بەرگریدا بوونەتە دوانەیەكی دانەبڕاو لە یەكتری.

بۆیە لەم یادەدا و جارێكی تر هەموو پشتیوانییەك بۆ برەودانی  زیاتر بە گەشانەوەو پێشخستنی  شارە حەیاتەكەمان دووپات دەكەینەوە كە لە ئاستی جاویدانی و پڕشنگداریی سلێمانیدا بێت.

سلێمانی بە مێژوویەكی كەمی بونیادنانی وەك شارێك، بەڵام بە تۆمارێكی زۆری پێشەنگی لە بوارە جیاجیاكانی شارستانێتدا، توانیویەتی ناسنامەیەكی پڕ لە سەرفرازی بۆ خۆی دروست بكات. 
دووبارە پیرۆز بێت ساڵیادی  بونیادنانی شار و هەمیشە  ئاوەدانتر بێت سلێمانی.

مەكتەبی سیاسیی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن