یەكێتی ئەوروپا بڕیاری كۆتایی لەبارەی هاوردەكردنی غازی رووسیا دەدات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 834

راچڵەكین -

یەكێتی ئەوروپا بڕیاری كۆتایی لەبارەی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی غازی رووسیا دەدات و حكومەتی هەنگاریاش لەدژی بڕیارەكە، سكاڵا لە دادگای ئەروپا تۆمار دەكات و سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە رایدەگەیەنێت: هەموو رێكارێك لەدژی ئەو بڕیارە دەگرینەبەر كە برۆكسل دەیەوێ بەسەرماندا بیسەپێنێت.

ڤیكتۆر ئۆربان، سەرۆكوەزیرانی هەنگاریا، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاند: لە بەرامبەر بڕیارەكەی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بۆ قەدەغكردنی هاوردەكردنی غازی رووسیا، سكاڵا لە دادگای ئەوروپا تۆمار دەكەین و بەهەموو شێوەیەك بڕیارەكە رەتدەكەینەوە.

ئۆربان وتیشی:" بڕیارەكەی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بۆ وازهێنان لە هاوردەكردنی غازی رووسیا، كە كۆدەنگیی لەسەر نەبووە، زۆر نادادپەروەرانەیە و سەپاندنی رێكارێكی نەگونجاوە بەسەر وڵاتانی یەكێتییەكە، هاوكات سەرپێچییەكی زەقی بنەمای سەروەریی یاساكانی ئەورپایە، هەربۆیە هەموو رێكارێك لەدژی جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەگرینەبەر".

بەگوێرەی ئەو بڕیارەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپاوە دەركراوە، سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەكێتییەكە پابەندكراون كە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هیچ گرێبەستێكی هاوردەكردنی غازی سروشتی لەگەڵ رووسیا واژۆ نەكەن، هاوكات هەر وڵاتێكیش گرێبەستی كورتخایەنی لەگەڵ مۆسكۆ كردووە، دەبێ لەرۆژی 17-6-2026 كۆتایی پێبێت و نوێ نەكرێتەوە، بەڵام ئەو وڵاتانەی گرێبەستی درێژخایەنیان بۆ هاوردەكردنی غازی رووسیا كردووە، تا سەرەتای ساڵی 2028 كاری پێدەكرێت و لەو بەروارە بەدواوە هیچ وڵاتێكی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا نابێ غاز لە رووسیاوە هاوردە بكات.

هەنگاریا كە بە وڵاتێكی دۆستی رووسیا دەناسرێت، زیانمەندی سەرەكیی بڕیارەكەی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپایە، بەو پێیەی پشتبەستنی تەواوەتی بە هاوردەكردنی غازی رووسیایە، لەئەگەری جێبەجێكردنی بڕیارەكەش، ئەو وڵاتە ناچار دەبێت بە نرخێكی زۆر گرانتر غاز لە سەرچاوەی دیكە هاوردە بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن