دوێنێ شەو لە کوێ و چەند باران باری؟

ڕاپۆرت

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 229

راچڵەکین- 
ئەم نەخشەیەی لە خوارەوە دەیبینن نەخشەی زیندو و ڕاستەوخۆی هەور و بارانە لەسەر ناوچەکەمان هی کاتژمێر 8:45 ی ئەم بەیانیە بەکاتی هەولێر.

شەوی ڕابردو و ئەم بەرەبەیانە تاوەکو ئێستا زۆرترین ڕێژەی باران بارین لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و پارێزگای هەولێر بوو بەتایبەتی لە زاخۆ و ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر بەتایبەتی باکوری شاری هەولێر لە پیرمام و شەقڵاوە و سۆران هەروەها لە باڵەکایەتی و پشدەر، لە هەندێک لەو شوێنانە بڕی باران گەیشتوە بە 20 بۆ 30 ملم، ڕێژەی باران لە پارێزگای سلێمانی تا ئێستا کەمتر بووە لەو شوێنانە، لەناوچەکانی گەرمیانیش هەندێک نمەی باران لێرە و لەوێ هەبووە بەڵام لە شوێنەکانی تری هەرسێ پارێزگاکە کەمتر بووە.

بۆ ئەمڕۆ بە ڕۆژ هێمن دەبێتەوە لەگەڵ هەندێک نمەی باران لە هەندێک شوێن ناوە ناوە دەمێنێت بەڵام بەگشتی دۆخەکە بەڕۆژ هێمن دەبێت.

بەڵام نزمە پاڵەپەستۆیەکە هێشتا تێنەپەڕیوە و سەنتەرەکەی هێشتا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانە بە ئاڕاستەی باکوری ڕۆژهەڵات دەڕوات بەڵام لەگەڵ جوڵەکەی بە پێچەوانەی میلی کاتژمێریش دەخولێتەوە بۆیە بۆ ئەمشەو بەتایبەتی دوای نیوەشەو تا نزیک بەرەبەیانی یەکشەممە دیسان لەکاتی تێپەڕبنی کۆتاییەکەی بەسەر ناوچەکانمان هەندێک چالاک دەبێتەوە و بڕێکی باش لە شێی دەریای سور و دەریای ناوەڕاست لەگەڵیدا تێکەڵ دەبێتەوە بۆیە ڕێژەیەکی باشی تری باران دەبارێتەوە بەتایبەتی لە سنوری ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و پارێزگای هەولێر و باڵەکایەتی و ڕانیە، بەڵام دیسان کەمتر لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان دەبارێتەوە.

لوقمان حەوێز شارەزای کەشناسی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن