راچڵەکین-
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی
هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: 102 سکاڵا لە رۆژانی دەنگداندا تۆمارکراون و
لەکۆی ئەو ژمارەیە، 59یان لە رۆژی دەنگدانی گشتی و 43 لە رۆژی دەنگدانی تایبەت
بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەشی سکاڵا و تانەکان لە کۆمیسیۆن
دەستیان بە پۆلێنکردنی سکاڵاکان کردووە و زۆرینەیان زەردن، سکاڵا زەردەکان ئەوانە
دەگرێتەوە کە مەرجە سەرەکییەکانیان تێدا نییە و لە سەرەتاوە رەتدەکرێنەوە.
باسی لەوەشکرد: بەشێکی کەمی سکاڵاکان سەوزن کە ئاماژەن
بۆ بوونی سەرپێچی لەلایەن فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنەوە یاخود ئەنجامدانی بانگەشە لە
رۆژانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان یاخود سەرپێچی لەلایەن ئەندامانی هێزە
ئەمنییەکان کە بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان تەرخانکراون.