راچڵەكین -
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی دەستگیركردنی حەوت تۆمەتبار رادەگەیەنێت، كە پاسەوانی پەرلەمانتارێكی عیراقن و هێرشیان كردبووە سەر ماڵێك لە قەزای دوبز و پەلاماری ئەندامانی خێزانەكەیان دابوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ یەكشەممە 16-11-2025 لەلایەن شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بڵاوكراوەتەوە، هێزێكی ئەمنیی هاوبەش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و پۆلیسی كەركوك، بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ حەوت كەس جێبەجێكرد، كە تۆمەتبارن بە دەستدرێژیكردنە سەر خێزانێك لە پارێزگای كەركوك. كە هێرشیان كردبووە سەر ماڵی ئەو خێزانە و تەقەیان كردووە و هەوڵی ڕفاندنی یەكێك لە كوڕەكانیان داوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی ئاشكرایكردووە، هێرشەكە لەلایەن پاسەوانەكانی پەرلەمانتار موهەیمین ئەلحەمدانی ئەنجامدراوە و هێرشیانكردووەتە سەر ئەفسەرێكی سوپای عیراقیش كە هەوڵیدابوو رێگری لە رووداوە بكات. ئاماژە بەوەشكاوە، هێزە ئەمنییەكان بەردەوامن لە گەڕان و لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دەستگیركردنی سەرجەم ئەو كەسانەی دەستیان لە ڕووداوەكەدا هەبووە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئاسایشی هاووڵاتیان و شكۆمەندیی ئەو دامەزراوە سەربازییە هێڵی سوورن، هیچ سەرپێچییەك لەم سنوورانەش جێگای قبوڵ نییە. لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لە هەموو ئەو كەسانەی دەستیان لە ڕووداوەكەدا هەیە، ئەمەش پەیامێكی ڕوونە كە یاسا بەبێ جیاوازی رێڕەوی خۆی دەگرێتەبەر.
شەوی رابردوو لە قەزای دوبز-ی سەر بە پارێزگای كەركوك، كاندیدێكی دەرچووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق سەر بە حزبی تەقەدوم بەناوی موهەیمین ئەلحەمدانی، لەگەڵ پاسەوانەكانی هێرشیان كردە سەر ماڵێك و تەقەیەكی زۆریان لە خانووەكە كرد و پەلاماری چەند ئەندامێكی خێزانەكەشیان دا.