كامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی لەچەندین شەقامی دیكەی هەولێر دەكەوێتەكار

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 259

راچڵەكین -

هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت سبەینێ لەدوای كاتژمێر 12ی شەو، كامێراكانی تۆماركردنی سەرپێچی تیژڕۆیی و سوڕانەوەی نایاسایی لەچەند شەقامی شارەكەدا بەشێوەی تێست دەكەوێتەكار.

لە ئاگادارییەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 16-11-2025 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێرەوە بڵاوكراوەتەوە، شۆفێران ئاگاداركراونەتەوە كە سبەینێ دووشەممە 17-11-2025،  لەدوای كاتژمێر 12ی شەو،  كامێراكانی تۆماركردنی سەرپێچی تیژڕۆیی و سوڕانەوەی نایاسایی لەو شەقامانەی كە لە لیستی خوارەوە ئاماژەی پێكراوە، دەكەوێتە كار بەشێوەی تاقیكردنەوە (تێست) تاوەكو رۆژی 27ی ئەم مانگە كاتژمێر 12ی شەو.

هاتووچۆی هەولێر ئاشكرایكردووە، لەدوای ئەم كات و بەروارە، سەرپێچیەكانی تیژڕۆیی و سوڕانەوەی نایاسایی لە سوڕانەوەكان تۆمار دەكرێن لە سیستمی سزادانی هاتووچۆ.

لە ئاگادارییەكەدا ئاماژە بەوەشكردووە كە لە زۆربەی ئەو شەقامانەی كامێرای تێدا دەكەوێتەكار، پێشتر كامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی گەڕۆك هەبووە، بەڵام ئێستا كراوە بە كامێرای جێگیر، لەو سوڕانەوانەش كە كامێرای لێنەبوو، كامێرا دانراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن