راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان لە ناوچەی زاپ بۆ ناوچەی گونجاو كشاندووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر (پەكەكە) لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەرۆژی یەكشەممە 16ی تشرینی دووەم، هێزەكانیان لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی كوردستان بەرەو ناوچەیەكی گونجاو كشاندووەتەوە.
راگەیەندراوەكە كە بە واژۆی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر بڵاوكراوەتەوە، هاتووە: "باوەڕمان وایە ئەم هەنگاوە نوێیەمان، خزمەت بە چارەسەری پرسی كورد و ئاشتی و بەدیموكراسیكردنی توركیا دەكات".
دەقی راگەیەندراوەكەی تەڤگەری ئازادی ( پەكەكە):
لە بەیاننامەکەی ٢٦ـی تشرینی یەکەمماندا کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕاگەیاندرا و بە ئامادەبوونی ٢٥ گەریلامان کە لە سنوورەکانی تورکیاوە کشاونەتەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕامانگەیاندووە، کە لەو شوێنانەی مەترسی شەڕیان لەسەرە لەسەر سنوور، ڕێوشوێنی دژە شەڕ دەگرینەبەر. لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەو کارانەی ئۆرگانەکانی پەیوەندیدار ئەنجامیانداوە، لە هەرێمی زاپ گەیشتووینەتە ئەنجامێکی گرنگ. لە ئێوارەی ١٦ـی تشرینی دووەم، هێزەکانمان لە هەرێمی زاپ کە مەترسی شەڕی تێدابوو کشانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان. لە دۆخی ئێستادا مەترسی شەڕ لە ناوچەی ئاماژەپێکراودا بە تەواوی نەماوە.
دوای کشانەوەی هێزەکانی گەریلامان بەهۆی مەترسی شەڕ لەناو سنوورەکانی تورکیاوە، ئەم خۆگونجاندن و کشانەوەیە لە هەرێمی زاپ بووەتە بەشدارییەکی پراکتیکی گرنگ لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئیرادەی ئێمە بۆ پرۆسەکە نیشان دەدات. لەو باوەڕەداین کە ئەم هەنگاوە نوێیەمان خزمەت بە چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا دەکات.
بە ڕێزەوە ئەم زانیارییانە بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە، سڵاوی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان دەکەین.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ٥-٧ـی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکە و کۆتا بە ڕێبازی خەباتی چەکداریی هێنا.
هەروەها لە ١١ـی تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٣٠ گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە پێشەنگایەتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم ڕای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند، هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە ٢٦ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی ٢٥ گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروستنەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا.