28 هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بەڕێوەدەچێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین-

28 هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ رۆژی پێنجشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2025 لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و بڕیار وایە ماوەی سێ رۆژ بخایەنێت.

ئیبتیسام ئیسماعیل سەرۆكی بنكەی روناكبیری گەلاوێژ، بەماڵپەری فەرمی یەكێتی راگەیاند، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بۆ ماوەی سێ رۆژ، لە شاری سلێمانی هۆڵی تەلاری هونەر بەڕێوەدەچێت و یەكەمین رۆژ كاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەكات. 

" یەكەم رۆژی فێستیڤاڵ ئاهەنگی دەستپێكە و چەندین بڕگەی موزیك و گۆرانی تێدا دەبێت و بە بەشداری هونەرمەندان ناسری رەزازی و ئەیوب عەلی، هەروەها هەر لەیەكەمین رۆژی فێستیڤاڵدا چەندین بڕگەی هۆنراوە و خەڵات هەیە و لە دووەمین رۆژی فێستیڤاڵدا تەوەرێكمان تایبەتە بە 11توێژەر، كە توێژینەوەی هەمەچەشن لەخۆ دەگرێت و توێژەرەكان لە نەتەوەی كورد و عەرەب و فارسن، پاشان بەشداربوانی پیشبڕكێی هۆنراوە و چیرۆك بابەتەكانیان پێشكەش دەكەن، هاوكات  تەوەرێكی دیكەی فێستیڤاڵ زیرەكی دەستكردە لە جیهانی روناكبیری و رۆشنبیریدا بەگشتی." سەرۆكی بنكەی روناكبیری گەلاوێژ وادەڵێت.

ئیبتیسام ئیسماعیل، ئەوەشی راگەیاند:" لە رۆژی سێیەمی فێستیڤاڵدا كە 22ی مانگ دەكات، مەراسیمی كۆتایی فێستیڤاڵە، كە خەڵاتەكان دابەشدەكرێت و چەند بڕگەیەكی مۆزیك و گۆرانی و هۆنراوە خوێندنەوە لە خۆدەگرێت. "
بڕیارە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵدا چەند چالاكیەكی دیكە هەیە، وەك پێشانگای كتێب، كە خانەی چاپ و بڵاوكراوەكانی كوردی و عەرەبی و فارسین و، كتێبی كوردی و عەرەبی و ئیگلیزی تێدایەو، پێشانگایەكی شێوەكاری بەناوی هەردوو هونەرمەندی شێوەكاری كۆچكردوی كورد "لالە عەبدە و قەرەنی جەمیل" و پێشانگایەكیش بۆ كاری دەستی خانمان دەكرێنەوە.

فێستیڤاڵی گەلاوێژ ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەم لە لایەن بنكەی رووناكبیریی گەلاوێژ بەڕێوەدەچێت و ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی 1996 ھەتا ئێستا بێپچران بەردەوام بووە.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن