راچڵەكین-
وابڕیارە دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی، چاوی بە كریستیانۆ رۆناڵدۆ-ی ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان و پرتوگال بكەوێت.
رۆژنامەی میرەر-ی بەریتانی لەزاری سێ بەرپرسی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە، بڕیارە رۆژی سێشەممە ترەمپ لەگەڵ رۆناڵدۆ كۆبێتەوە، ئەوەش تەنها دوای رۆژێك دێت لەسەركەوتنی هەڵبژاردەی پرتوگال بۆ جامی جیهانی 2026.
بەگوێرەی رۆژنامەكە بێت، گریمانەی ئەوە هەیە پێش یاریەكانی مۆندیال، هەردوو هەڵبژاردەی پرتوگال و ئەمریكا بەبەشداری " دۆن" یارییەكی دۆستانە ئەنجامبدەن.
دیدارەكە لەكاتێكدا دێت، پێشتر رۆناڵدۆ لەچاوپێكەوتنیدا لەگەڵ بێرس مۆرگان رایگەیاندبوو، خوازیارە رۆژێك چاوی بە ترەمپ بكەوێت.
رۆناڵدۆ رایگەیاندبوو:" ئامانجی هەردوولامان بەرقەراربوونی ئاشتییە لەجیهاندا، ئەویش یەكێك لەو كەسانەیە كەدەتوانن گۆڕانكاری ئەنجامبدات، یان هاوكار بێت لە گۆڕیینی جیهان، ئەوەش ئامانجی سەرەكی منە كە چاوم بە ترەمپ بكەوێت و پێكەوە باسی ئاشتی جیهانی بكەین."