راچڵەكین-
ئێران سەرقاڵی تاوتوێكردنی هەنگاوێكە بۆ وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوەش بە گۆڕانكاری لەهەڵوێستی تاران دێت بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی گونجاو لەبارەی ناكۆكییە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ خۆرئاوا.
رۆژنامەی "ئیعتیماد" لەزاری فاتیمە موهاجیرانی- وتەبێژی حكومەتی ئێران بڵاویكردووەتەوە:" لەئێستادا پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجامنادرێت، جگە لەوە تاوتوێی وەستاندنی پرۆسەی پیتاندن دەكرێت بەشێوەیەكی تەواوەتی لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانیدا."
ئەو دەستانەی بەرپرسن لەو بابەتە ( رێكخراوی وزەی ناوەكی ئێرانن وەزارەتی دەرەوەو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، باشترین بڕیار لەبەرژەوەندی وڵات دەدەن. موهاجیرانی وا دەڵێت.
لەلایەكی ترەوە، كەمال خەرازی راوێژكاری رێبەری باڵای ئێران بە میدیای ناوخۆیی راگەیاندووە، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ دەستكردنەوە بە گفتوگۆ ئەتۆمییەكان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، تەنانەت تاران ئامادەیە بۆ قسەكردن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستنی پیتاندن.
ئاژانسی سكای نیوز لەزاری چاودێران و كەسایەتییە سیاسییەكانی ئێران بڵاویكردووەتەوە، سووربوونی تاران لەسەر بەردەوامیدان بە پرۆژە ئەتۆمییەكان، لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ئەو وڵاتەدا یەكناگرێتەوەو ئەگەرى داڕمانی ئابووری هەیە.