ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی ڕیال مەدرید لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیال میدیا "X" وردەکاری پێکانەکەی ئیدەر میلیتاو بەرگریکاری بەڕازیلی ڕاگەیاند کە لەکاتی ئەرکی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەڕازیل تووشی بووە.
میلیتاو لە یاری دۆستانەی بەرازیل بەرامبەر تونس لە فەرەنسا تووشی پێکان بوو لە قاچیدا و بە ناچاری یاریگای بەجێهێشت و هەروەها یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
لە خولەکی 59ی گێمی دووەمدا میلیتاو کەوتە سەر ئەرز و پێویستی بە چاودێری پزیشکی لەلایەن ستافی پزیشکی هەڵبژاردەی بەڕازیلەوە بوو، دواتر برۆنۆ فابریزیۆ جێگای گرتەوە.
ڕیال مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند: “دوای ئەو پشکنینانەی ئەمڕۆ لەسەر ئیدر میلیتاو یاریزانەکەمان لەلایەن خزمەتگوزاری پزیشکی ڕیال مەدریدەوە ئەنجامدرا، تووشی پێکانێکی ماسولکەیی لە قاچی ڕاستیدا بووە”.
یانە ئیسپانییەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرگریکارە نێودەوڵەتییە بەڕازیلییەکە هەڵسەنگاندنی پزیشکی زیاتری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی لەم پێکانە چاکببێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ مەشقەکانی تیپەکە.
میلیتاو بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە لە یاری داهاتووی ڕیال مەدرید بەرامبەر ئێلچێ بەشداری نەکات، هەروەها بە پێی پێشبینی سەرچاوەکان بۆ ماوەی 2 بۆ 3 هەفتە لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.