دیمەنێگی گشتی باكوری غەززە/ رۆیتەرز
راچڵەكین-
یەكێتی ئەوروپا بەنیازە مەشق بە 3هەزار پۆلیس بكات بۆ كەرتی غەززە، هاوشێوەی رابردوو كە لەكەناراوی خۆرئاوا ئەنجامیدا، وەك ئەوەی بەرپرسێكی ئەوروپی بڵاویكردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەوروپییە كە داوایكردووە ناوی بڵاونەكرێتەوە بە ئاژانس هەواڵی فەرەنسای راگەیاندووە:" بوونی هێزێكی پۆلیسی زۆر، پێویستە بۆ سەقامگیری لەكەرتی غەززە."
ئەوەش لەكاتێكدا دێت، رۆژی 17ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێكی پەسەندكرد كە پشتیوانی لەپلانەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا دەكات كە بەهۆیەوە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا ئاگربەست لەغەززە راگەیەندرا، دوای دوو ساڵ لەشەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، كە هاوڵاتیانی فەڵەستینی گەورەترین قوربانی بوون تیایدا.
بەووتەی ئەو بەرپرسە ئەوروپییە، لەئێستادا نزیكەی حەوت هەزار پۆلیس لەكەرتی غەززە هەن كە مووچە لەدەسەڵاتی فەڵەستینی وەردەگرن لەكەناراوی خۆرئاوا، سەرباری ئەوەی ژمارەیەكیان خانەنشین بوون یان توانای كاركردنیان نەماوە، بەڵام سێ هەزار لەو ژمارەیەك لەتوانایاندا هەیە ئەو ئەركە جێبەجێ بكەن و مەشقیان پێبكرێت.
ئەوەشی روونكردەوە، ئەو پۆلیسانە سەر بەحەماس نین و لەدەرەوەی غەززە مەشقیان پێدەكرێت.
لەساڵی 2006وە یەكێتی ئەورپا ئەركی مەشقپێكردنی پۆلیس لەكەرتی خۆرئاوا لەئەستۆ گرتووەو بۆ ئەو مەبەستە 15 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەی تەرخانكردووە.