راچڵەكین -
بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان-ی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، لەبارەی سووتانی سێ كۆگای دەرمان لە شاری هەولێر، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت: وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە دانانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە بوونی ئەو ستیكەرانەی كە هەڵگیراون و بەكارنەهێنراون، دواتر ئەنجامەكان بە ڕاست و دروستی دەردەكەوێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-11-2025، بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی KMCA روونكردنەوەیەكی بۆ ڕای گشتی لەسەر سووتانی سێ كۆگای دەرمانی كەرتی تایبەت لەشاری هەولێر، بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، "وێڕای دڵگرانیمان بۆ سووتانی چەند كۆگایەكی كەرتی تایبەت بۆ هەڵگرتنی دەرمانی تایبەت بە كۆمپانیایەكی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی لەشاری هەولێر، ئومێدەوارین كەمترین زیانی ماددیی هەبێت و خۆشبەختانە زیانی گیانیی نەبووە".
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمڕۆ هەردوو تیمەكانی چاودێریكردن و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیمان و تیمەكانی پشكینی وەزارەتی تەندروستی، گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە، لەمیانی پیشاندانی سووتانی كۆگاكانی دەرمان لەلایەن ڕاگەیاندنەكانەوە، چەند بڕێكی ستیكەری كۆنی رەتكراوە دەردەكەوێت كە گوایە بوونی ئەم ستیكەرانە كارێكی نایاسایی و ناڕێنماییە.
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا هاتووە، "بۆ هاوڵاتییان و بۆ ڕای گشتی ڕووندەكەینەوە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان KMCA دوای تەواوبوونی پڕۆسەكانی كوالیتی و پشكنین و پێدانی مۆڵەتی بەكارهێنان بە بەرهەمە تۆماركراو و پشكنراوەكان، ستیكەری نوێی دەرمان بە سیستەمی نوێی دژەساختە دەدرێت بە كۆمپانیای هاوردەكار تاوەكو بخرێتە سەر دەرمان و بابەتە پزیشكییەكان پێش دەرچوونی لە كۆگا بۆ ناو بازاڕەكانی كوردستان و عێراق كە ئاساییە ئەگەر پڕۆسەكە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان بێت تاڕادەی جیاكردنەوە، هەڵگرتن و لابردنی بڕەكانی دەرمانی ئێكسپایەر و بەسەرچوو، لەهەر پابەندنەبوونێكی هەر كۆمپانیایەك بەم پڕۆسەیە لەسەر بەرهەمەكانیان، ڕێكاری یاسایی بەرانبەر وەردەگیرێت ئەگەر ئەم بڕەی ستیكەری كۆنی ڕەتكراوەی هەڵگیراو بەفەرمی وەرنەگیرابێت یان گومان لەسەر پڕۆسەكە هەبێت وەیان تەواوی ستیكەر و دەرمانەكان تۆماركراوی فەرمی نەبێت. بەمەش وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە دانانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە بوونی ئەو ستیكەرانەی كە هەڵگیراون و بەكارنەهێنراون، دواتر ئەنجامەكان بە ڕاست و دروستی دەردەكەوێت".