وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
سوپای رووسیا تەرمی هەزار سەربازی ئۆكراینا كە لە بەرەكانی جەنگدا كوژراون، رادەستدەكاتەوەو لە بەرامبەریشدا ئۆكراینا تەرمی 30 سەرباز رەوانەی رووسیا دەكاتەوە.
سەنتەری هەماهەنگیی مامەڵەكردن لەگەڵ دیلەكانی جەنگی ئۆكراینا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رووسیا تەرمی هەزار سەربازی رادەستكردوونەتەوە، كە لەمیانی شەڕو پێكدادانەكانی نێوانیاندا لە بەرەكانی جەنگ كوژرابوون.
سەنتەرەكە ئاماژەی بەوەكردووە، تەرمی هەزار سەربازەكە گواستراونەتەوە بۆ ناوخۆی ئۆكراینا و دوای دیاریكردنی ناسنامەكانیان، رادەستی كەسوكاریان دەكرێتەوەو بەخاك دەسپێردرێن.
لە بەرامبەر
ئەم هەنگاوەی رووسیا، سوپای ئۆكرایناش تەرمی 30 سەربازی رووسی رادەستی وڵاتكەیان كردەوە كە بەهەمان شێوە لە بەرەكانی جەنگدا كوژرابوون.
رادەستكردنەوەی تەرمی سەربازە كوژراوەكانی جەنگ لەنێوان رووسیا و ئۆكراینا، یەكێكە لە بڕگەكانی رێككەوتنی نێوان شاندی هەردوو وڵات كە لە گەڕی دووەمی دانوستانەكانی ئیستانبوڵ لە مانگی تەموزی رابردوو لەسەری رێككەوتن، تائێستاش رووسیا تەرمی هەزاران سەربازی رادەستی ئۆكراینا كردووەتەوەو هەردوولاش هەزاران دیلی جەنگیان لەنێوان خۆیان ئاڵوگۆڕ كردووە.