ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی بەرشەلۆنە بە ڕێنمایی هانسی فلیکی ڕاهێنەری ئەڵمانی، لە گەڕی 13ی وەرزی 2025/2026ی لالیگا، ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو دەستپێکرد.
مارکوس ڕاشفۆرد، ئەستێرەی ئینگلیزی، هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاهێنانە کۆمەڵەکانی یانە کەتەلۆنییەکەدا بەشداری نەکرد، ئەوەش تەنها دوو ڕۆژ پێش یارییەکەی بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو.
یانە کەتەلۆنییەکە بە ئامادەنەبوونی چەند یاریزانێکی سەرەکی دەچێتە نێو یاری ئەتلەتیک بلباو، دیارترینیان مارک ئەندرێ تێر ستیگن و پێدری و گاڤی بەهۆی پێکانەوە جگە لە فرێنکی دی یۆنگ بەهۆی سڕکردنەوە.
ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردەوە، مارکوس ڕاشفۆرد هێرشبەری ئینگلیزی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاهێنانە کۆمەڵەکانی بارسێلۆنا بەشداری نەکرد، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا هۆکاری ئامادەنەکردنی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکانی ناو یانەکە هەموو لایەکیان دڵنیا کردۆتەوە کە ئەوە هۆکار نییە بۆ نیگەرانی یاریزانەکە پێش یارییەکەی بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو.
سپۆرت ئاماژەی بەوە کردووە کە پێدری دوور لە گروپەکە بەردەوام بووە لە ڕاهێنانە تاکەکەسییەکانی، لە کاتێکدا لامین یەمال بەردەوامە لە گەڕانەوەی وردە وردە بۆ ڕاهێنانی گروپی.
ئەو ڕۆژنامەیە لە کۆتاییدا ئاشکرایکرد کە پێدەچێت ڕافینیا و مارک کاسادۆ دۆخێکی باشیان هەبێت سەرەڕای ئەوەی کاری جەستەیی تایبەتیان بۆ کراوە، هەروەها فلیک ژمارەیەک یاریزانی ئەکادیمیای بەکارهێناوە بۆ تەواوکردنی ڕاهێنانەکە، دیارترینیان درو، جۆفری، تۆنی فێرناندێز، دانی ڕۆدریگێز، تۆمی و گویلم ڤیکتۆر بوون.