ڕاچڵەکین سپۆرت -
جۆردی ئەلبا، بەرگریکاری پێشووی یانەی بەرشەلۆنە، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ڕادیۆیی ئیسپانیا کادینا سێر، جەختی لەوە کردەوە کە لامین یامال ئەستێرەی ئێستای بارسا بەراورد ناکرێ بە لیۆنێل مێسی ئەفسانەی یانەکە.
ئەلبا لە بەرنامەی لارگوێرۆدا وتی: لامین یامال یاریزانێکی خەیاڵییە، بەڵام تاکە یاریزانی بەرشەلۆنە نییە، هەروەها پێدری و گاڤی و فرێنکی دی یۆنگ هەن، ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە مێسی”.
جۆردی ئەلبا ئاماژەی بەوەشکرد، مێسی بێ ڕکابەرە، ناتوانیت بیخەیتە هەمان ئاستی یامال یان هەر یاریزانێکی ترەوە.
سەبارەت بە ڕۆیشتنی لیۆ لە بارسا وتی: من لەگەڵ مێسی قسەم لەسەر ئەوە نەکردووە، نازانم لە پشت پەردەوە چی ڕوویدا، بەڵام هەموو شتەکە تامێکی تاڵی لە دەمماندا بەجێهێشت، بینینی لیۆ بە شەوێک ڕۆیشتن شۆک بوو، بارودۆخی یانەکە بە هیچ شێوەیەک خۆش نەبوو، لە میدیاکانەوە زانیاریم لەسەر ڕۆیشتنی مێسی وەرگرت، پێمان وابوو دەمێنێتەوە و گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە، کارێکی سەخت بوو گورزێکی کوشندە بوو بۆ هەمووان”.
سەبارەت بە ڕێزلێنان لە مێسی لە بەرشەلۆنە، وتی: پێموایە ئەم شەرەفە ڕوودەدات، من لە ئێستادا بە ڕکابەری زیاتر دەیبینم، وە پێدەچێت لە ئینتەر میامی دڵخۆش بێت، نازانم، ڕەنگە بۆ ماوەی دوو سێ ساڵ بمێنێتەوە.