راچڵەكین -
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت: تۆمەتباركە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی تیمێكی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكانی كەركوك دەستگیركراوە.
لە روونكردنەوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، "سەبارەت بەدەستگیركردنی تۆمەتبارێكی ماددەی هۆشبەر لەشاری سلێمانی لە ڕێكەوتی ٢٠٢٥/١١/١٩ كە چالاكییەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكانی كەركوك سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عیراق بە سەركەوتوانە ئەنجامدراوە.
دەزگای ئاسایش ئەو هەواڵەشی بە ناڕاست وەسفكردووە كە لەسۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە، گوایە دەستەی حەشدی شەعبی لە شاری سلێمانی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەریان دەستگیركردبێت، لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، "ئەم هەواڵە دورە لە ڕاستییەوە، دوای ئەوەی نوسراوی فەرمی دادوەری لێكۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكانی كەركوكمان بەدەست گەیشت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی تیمێكی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكانی كەركوك كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ناوبرا و بە هاوەڵی ٣ ئەفسەری هەمان بەڕێوەبەرایەتی، بەسەركەوتوانە توانرا بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر دەستگیربكەن و دەستبگرن بەسەر بڕی سێ كیلۆگرام حەشیش.
لە روونكردنەوەكەدا باس لەوەشكراوە، لەئێستادا تۆمەتبارەكە بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 25 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە ئەقڵییەكان لە گرتوخانەی دەزگای ئاسایش لەشاری سلێمانی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە.