زانیاری نوێ لەبارەی دابەشكردنی زەوی فەرمانبەران لە سلێمانی بڵاودەكرێتەوە

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 620

راچڵەكین -

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دابەشكردنی زەوی فەرمانبەران كۆدەبێتەوەو داوایان لێدەكات قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی زوو تەواو بكرێت، بۆئەوەی بتوانرێت دەست بكرێت بە پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی كە ماون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-11-2025،  لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی، لەگەڵ لیژنەی دابەشكردنی زەوی فەرمانبەران كۆبووەوە بۆ بەدواداچوون و تاوتوێكردنی رێكارەكانی بەڕێوەچوونی ئەو زەوییانەی كە لەم ساڵدا رێكارەكانی  دابەشكردنی زەوی هەوایی بەشێوەی تیروپشك بۆ فەرمانبەران ئەنجامدرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، لە كۆبوونەوەكەدا، جەختكرایەوە لەسەر هەوڵدان بۆ زوو تەواوكردنی پڕۆسەكە، ئەندامانی لیژنەكەش ئاماژەیان بە سەرجەم ئەو كار و رێكارانە كرد كە لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكان و سەرۆكایەتی ئەنجامدراوە و سەرجەمیان تەواوكراون و نێردراون بۆ ئەو فەرمانگانەی كە پەیوەندیدارن بە كوژاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان و دەستلێهەڵگرتن لێیان، پاشان ناردیان بۆ تۆماركردنی خانووبەرە.

لیژنەی دابەشكردنی زەوی فەرمانبەران باسیان لەوەكرد كە چاوەڕێی وەڵامی ئەو فەرمانگانەن تا سەرۆكایەتی شارەوانی بتوانێت رێكارەكانی وەرگرتنی ژمارەیان بۆ تەواو بكەن و نووسراوی تۆماركردنیان بەناوی فەرمانبەرەوە بۆ بنێردرێت.

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی جەختی لەسەر زوو تەواوكردنی قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی كردەوە، تا بتوانرێت پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەرانە بكرێت كە هێشتا زەوییان وەرنەگرتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن