دارایی لەبارەی دابەشكردنی مووچە روونكردنەوەیەكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 285

راچڵەكین -

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری سەر بە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، لەبارەی پرسی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت: وەزارەتی دارایی عێراق كۆتایی ئەمساڵی دیاریكردووە بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم ببنە خاوەن هەژماری بانكی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناكرێت.

لەو راگەیەندراوەكەدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 23-11-2025 بڵاویكردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری ئاماژەی بەوەكردووە كە لەدوای سەری ساڵ، مووچە تەنها لەڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە خەرج دەكرێت، هەر كەسێكيش بەشدار نەبێت لە پڕۆژەی هەژماری من، مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەندراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری / وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

سەبارەت بە پرسی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من كە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێكردووە و لە قۆناغی كۆتاییدایە، دوای بڵاوكردنەوەی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتمان لە هەفتەی ڕابردوو، لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ كراوە، بە پێویستمان زانی ئەم ڕاستییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو:

١- لەئەنجامی ڕێككەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دكتۆر ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دكتۆر ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دكتۆر عەبدول حەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدراڵ بەسەرۆكایەتی دكتۆر فوئاد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی ئابووری عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ی دیاری كرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانكی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناكرێت.

٢- هاوكات بەپێی بڕیاری ژمارە ( ٥٥٠ ) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم كە لە ڕۆژی ( ١٧ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێكهاتووی لە نێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە كە لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەواو بكەن، بەپێی سەرجەم ڕێكەوتن و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بۆسەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

شایەنی باسە لە هیچ وڵاتێكدا دوو جۆر شێوازی دابەشكردنی مووچە نییە، لەلایەك بە كاش و لەلایەك بە سیستەمی بانكی، لە ئێستاشدا لە هەرێمی كوردستان بەڕێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، مووچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەكرێت، واتە دابەشكردنی مووچە بە كاش نامێنێت.

بۆیە دووپاتی دەكەینەوە لەدوای سەری ساڵ مووچە تەنها لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە خەرج دەكرێت، وە هەر كەسێك بەشدار نەبێت لە پڕۆژەی هەژماری من، مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن