راچڵەكین-
چوارچێوەی هەماهەنگی كە هێزە سیاسیە شیعەكان لەخۆدەگرێت لەماڵی هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر كۆدەبێتەوە.
كۆبوونەوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025 لەشاری بەغدا بەڕێوەدەچێت تیایدا دوا هەنگاوەكانی لیژنە تایبەتەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریكرنی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو، ئەو ناوانەی بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو پۆستە گەیشتوونەتە دەستیان تاوتوێ دەكرێت. وەك میدیاكانی عیراق بڵاویانكردووەتەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیارە دەرئەنجامی سەردانەكەی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ هەرێمی كوردستان تاوتوێ بكرێت.
بەشێك لەمەرجەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئەوەیە كە نابێت هیچ حزبێكی سیاسی دابمەزرێنێت، یان كێبڕكێی لایەنە شیعییەكان بكات لەسەر دەسەڵات، پێویستە كار بكات لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و قەرزی كەڵەكەبوو، جگە لەوە كار بكات بۆ هێوركردنەوەی شەقام و رێگریكردن لەئەگەری هەر خۆپیشاندانێك چ لەلایەن رەوتی سەدر یاخود هەر هێزێكی مەدەنی بێت.