سەرەمووچەی هەزاران مامۆستاو فەرمانبەری پەروەردەو خوێندنی باڵا پێش دەخرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1321

راچڵەكین-

هەزاران مامۆستاو فەرمانبەری سەر بەهەردوو وەزارەیت پەروەردەو خوێندنی باڵای هەرێم، سوپاسیان پێدەدرێت و سەرەمووچەیان پێش دەخرێت.

بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان 18هەزار و 941 مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە رێز و سوپاسیان پێ دراوە، لەبەرامبەر بەشداریكردنیان وەك كارمەندی رۆژی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمان كوردستان.

عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، راگەیاندووە: "ئەو 18 هەزار و 941 مامۆستا و فەرمانبەرەی وەزارەتی پەروەردە بەهۆی ئەو سوپاسەوە یەك قیدەم سەرمووچەیان بۆ مانگێك پێشدەخرێت." وەك میدیای نزیك لەپارتی بڵاویكردووەتەوە.

هاوكات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە كردووە كە میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین و لە رۆژی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان بووون.

ئەوەش روونكراوەتەوە، ئەو سوپاس و پێزانینە مانگێك پێشخستن (قیدم)ی پێدەكرێت و ناوەكانیش بە (CD) بۆ زانكۆكان و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا رەوانە كراون.

هەر سوپاسنامەیەك كە لەلایەن وەزیری پەیوەندیدارەوە دەدرێتە فەرمانبەر، وا دەكات بەستنی سەرمووچەی مانگێك پێشبخرێت.

بەپێی رێنوێنیی ژمارە 18ی دارایی كە لە ساڵی 2016 دەرچووە، هەر رێز و سوپاسێك مانگێك پێشخستنی پلەی بۆ دەكرێت، هەروەها فەرمانبەر بۆی هەیە ساڵانە سێ سوپاس وەربگرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن