راچڵەكین-
هێزە شیعە براوەكانی هەڵبژاردن، هەنگاوەكانیان خێراتر كردووە لەبارەی بڕیاردان لەچارەنووسی حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، بەڵام پرۆسەكە پێویستی بەكۆدەنگی شیعەكان " چوارچێوەی هەماهەنگی" و رەزامەندی ئێران و دواجار گفتوگۆ هەیە لەگەڵ واشنتۆن.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە سەرچاوەكانی ناو حزبە سیاسییەكان و گروپەكان و دەزگا ئەمنییەكانەوە زانیویەتی، لایەنە شیعیەكان بە جدی تەماشای دۆسیەی حەشدی شەعبی و چەكی گروپەكان دەكەن، لە ساتەوەختێكدا كە فشارەكان لەسەر دۆسییەكە چڕبونەتەوە؛ دیارترینیان، هەستكردنە بەوەی هێزە شیعیەكان ماندبوون بەدەست ململانێیەكی وێرانكەرەوە، كە پەیوەستە بە هەژمونیان لەناو حەشدی شەعبیدا.
" عیراق لەقۆناغی داهاتوودا پێویستی بەبەكارهێنانی چەك نابێت، دۆخی وڵات ئاساییەو تەنها پێویستی بەئەنجامدانی گۆڕانكارییە لەسەر ئاستی ئەمنی" وەك ئەوەی بەرپرسێكی شیعە بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت-ی راگەیاندووە.
گفتوگۆكانی تایبەت بە حەشدی شەعبی، لەنێو دانووستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێدا جێی كراوەتەوە:" هێزە شیعیەكان پێشنیازیان كردووە كارنامەی حكومەتی نوێ بڕگەی روونی تیادابێت چارەسەری ئەم پرسە بكات."
پێشتریش نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندبوو:" گروپەكان دەیانەوێت چەكە قورسەكانیان رادەست بكەن و تێكەڵی هێزەكانی دەوڵەت بن".
یەكێك لەو هەنگاوانەی پێشنیاركراوە بۆ چارەسەركردنی دۆسێی حەشدی شەعب، تێكەڵكردنیانە لەچوارچێوەی پەیكەری ئەمنی دەوڵەتدا، هەنگاوێكی تر كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبیە بەجۆرێك رێگا بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بدرێت كۆنترۆڵی جموجوڵیان بكات و لەهەمان كاتدا باری قورسیی دارایی لەسەر بودجەی گشتی عیراق كەمبكرێتەوە، یان پچڕاندنی پەیوەندییە سیاسییەكانی و ملكەچكردنی لە ژێر فەرماندەییەكی سەربازیی ناوەندیدا.