راچڵەكین -
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم، بەمەبەستی راگرتنی پەخشی هەندێك كەناڵی بێ مۆڵەت بڕیارێك دەردەكات.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن، لە رێكەوتی (١٧-١١-٢٠٢٥ ) بە نووسراوی فەرمی، كۆمپانیاكانی بواری ئینتەرنێت ئاگاداركراونەتەوە بە راگرتنی پەخشی كەناڵەكانی ( بین سپۆرت ) كە لە رێگەی پەخشی ئۆنڵاین لە هەندێك كەناڵی ناوخۆیی بە نایاسایی بەشێوازی ( IPTV ) پەخش دەكرێن.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، هۆكاری بڕیارەكەی بۆ رێگرتن لەو سەرپێچییە نایاساییە و پارێزگاریكردن لە مافی پەخش و بڵاوكرنەوە گەڕاندووەتەوە، جەختی لەوەشكردووەتەوە كە وەزارەتەكە رێگری دەكات و پێویستە لەماوەی یەك مانگدا كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت رایانبگرن.
لە بەشێكی دیكەر راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەر كەناڵێك بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی ( BEIN SPORTS ) بكات، پێویستە لەڕێگای بریكاری فەرمی ئەو دەزگایە بێت لەبەر پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیكری و یاسایی بەپێی یاسا و رێنماییە بەركارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.