راچڵەكین-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، كاندیدێكی دەرچووی رێكخراوی بەدر-ی لەبازنەی بەغداد دوورخستەوە.
پەسەندكردنی"موهەند خەزرەجی" كاندیدی دەرچووی ڕێكخراوی بەدری لە پارێزگای بەغدا بە هەڵوەشێندراوەتەوە، بەهۆی پێشێلكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان. وەك كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بڵاویكردووەتەوە.
موهەند خەزرەجی
پێشترو لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن، خەزرەجی بانگەشەی دامەزراندنی لیوایەكی حەشدی شەعبی بەناوی لیوای شەهیدانی نەسر كردبوو. لەبەرامبەردا دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافەی بەغدا نووسراوێكی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە كە تێیدا هاتووە، "تكایە ئاگادارمان بكەنەوە ئایا لەنێو لیواكانی دەستەكەتاندا، لیوایەك هەیە بە ناوی (لیوای شەهیدانی نەسر)، هەروەها روونی بكەنەوە ئایا لە ماوەی مانگەكانی رابردوودا وەرگرتنی خۆبەخشی سەربازی لەنێو ئەو لیوایەدا هەبووە یاخود نا."
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەڵێت، دوورخستنەوەی خەزرەجی بەهۆی ئەوەوە دێت كە مەرجی "باشیی ڕەفتار و هەڵسوكەوت"ی تێدا نەبووە، وەك لە بڕگەی سێیەمی ماددەی (7)ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاكان، ژمارە (12)ی ساڵی 2018ـی هەمواركراودا هاتووە.