راچڵەكین -
ئیدارەی ئەمریكا بەتوندی ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكات و داواش لە حكومەتی عیراق دەكات رێكاری بەپەلە بگرێتەبەر بۆ بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەكە.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025 بڵاویكردووەتەوە، بەناوی ئیدارەی ئەمریكاوە سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی كردووە كە شەوی رابردوو كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لەسنووری پارێزگای سلێمانی، تێیدا هاتووە، دەچینە پاڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوبەشە عیراقییەكانمان بۆ داواكردن لە حكومەتی عیراق بۆ گرتنەبەری رێوشوێن و رێكاری بەپەلە بۆ بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە، كە نوێترین هێرشە لەو زنجیرە هەوڵانەی هەندێ لایەنی چەپەل دەیدەن بۆ تێكدانی سەقامگیریی عیراق و لێدان لە وەبەرهێنانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و عیراق.
ئیدارەی ئەمریكا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی لەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ پاراستنی ژێرخانە گرنگەكان، جەختی لەوەشكردووەتەوە كە گرنگە عیراق سەروەریی خۆی بسەپێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ تێكدانی و دڵنیابوونەوە لەوەی كە هەموو چەكەكان، بەتایبەتی درۆن و مووشەك و رۆكێتەكان، دەخرێنە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتەوە.