راچڵەكین -
وەزارتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم لەبارەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی "بێ بنەما" هۆشداریی بە میدیاكان دەدات و رایدەگەیەنێت: لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان وەكو قەوارەیەك لەلایەن نەیارانیەوە رووبەڕووی چەندین شێوازی دوژمنكاریانەی پڕ مەترسی بۆتەوە، ئەم هەڵسوكەوتە نابەرپرسانە لەلایەن هەر دەزگا و رایەڵێكی میدیاییەوە بكرێت، دوورە لەیاسا و لۆژیك.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025 بڵاویكردووەتەوە، ئاگاداری گشت میدیا بینراو و بیستراو و پۆرتاڵ و رایەڵە ئەلیكترۆنییەكانی كردووەتەوە، كە خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوكردنەوەی هەر بابەت و هەواڵێكی بێ بنەما و پێوستە بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و نەبنە هۆی دروستكردنی ترس و گومان و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵەیەتی.
لە بەشێكی پەیامەكەدا هاتووە، "بڵاوكردنەوەی ئەم بابەتانە ناچنە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕینەوە، بەتایبەتیش لە باری هەستیاری ئێستادا كە هەرێمی كوردستان وەكو قەوارەیەك لەلایەن نەیارانیەوە رووبەڕووی چەندین شێوازی دوژمنكاریانەی پڕ مەترسی بۆتەوە، لەم كاتەدا ئەم هەڵسوكەوتە نابەرپرسانە لەلایەن هەر دەزگا و رایەڵێكی میدیاییەوە بكرێت دوورە لەیاسا و لۆژیك و پێچەوانەی ماددەی سێیەم/ بڕگەی سێیەمە لە (رێنمایی رێكخستنی فریكوینسی سپەیس لەهەرێمی كوردستان)".