راچڵەكین-
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، چیدیكە رێگا بە كۆچكردن لە وڵاتانی جیهانی سێیەم بۆ وڵاتەكەی نادرێت. ئەو بڕیارەش رۆژێك دوای ئەو هێرشە چەكدارییە هات كە لەلایەن هاوڵاتییەكی ئەفغانی لە واشنتۆن ئەنجامدراو بەهۆیەوە دوو پاسەوانی نیشتمانی كوژران.
" بە هەمیشەیی كۆچكردن لە وڵاتانی جیهانی سێیەم رادەگرم، تا بوار لەبەردەم رژێمی ئەمریكا بڕەخسێت بۆ چاكبوونەوە." دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی ئێكس وای نووسیوە.
ترەمپ بەهەمان شێوە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی هەزاران داواكاری پەسەندكراوی لەسەردەمی جۆ بایدن-ی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كردو رایگەیاند:" هەر كەسێك سوود بە ئەمریكا نەگەیەنێت دەگەڕێنرێتەوە شوێنی خۆی، هەوڵدەدەین ئەو ئامانجانە بپێكین، تا كەمبوونەوەیەكی بەرچاو ببینین لەژمارەی كەسە نایاساییەكان."
دوای هێرشە چەكدارییەكەی نزیك كۆشكی سپی ئەمریكا كە بەهۆیەوە دوو سەرباز كوژران و یەكێكی تر بەسەختی برینداربوو، ئیدارەی ئەمریكا رایگەیاند، ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتە بەر بۆ پێدانی مافی مانەوەی هەمیشەیی كۆچبەرانی 19 وڵات لەئەمریكا لەنێویشیاندا ئێران و هاییتی و ڤەنزوێلا.