ئیسرائیل لە " بەیت جن"ی سوریا چیكرد؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 106


راچڵەكین-

سوپای ئیسرائیل دەڵێت لە گوندی " بەیت جن" ی باشوری سوریا ژمارەیەك ئەندامی گروپی " رێكخراوی كۆمەڵی ئیسلامی"یان دەستگیركردووە كە پلانیان داڕشتووە بۆ هێرشكردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیلی.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئۆپراسیۆنەكەیاندا كە شەوی رابردوو لەلایەن هێزەكانی فیرقەی 210ی سوپا  ئەنجامدراوە، رووبەڕووی هێرشبوونەتەوەو لەئاكامدا شەش سەربازیان برینداربوون، بەڵام دواجار ئۆپراسیۆنەكە ئامانجەكەی خۆی پێكاوەو ژمارەیەك داواكراو دەستگیركراون و ژمارەیەك تیرۆرستی تر كوژراون :" هێشتا هێزەكانمان لەناوچەكە ماونەتەوەو لەدژی هەر هەڕەشەیەك ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن."

لەبەرامبەردا میدیای سوریا بڵاویكردووەتەوە، لەئاكامی بۆردومانكردنی گوندی بەیت جن لەلایەن سوپای ئیسرائیل، لانی كەم 13 كەس كوژراون و 11ی تر برینداربوون كە ژن و منداڵیان لەنێودایە، جگە لەوە هەندێك لەدانیشتووانی گوندەكە لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكاندا گیریان خواردووەو، دەیان كەس ئاوارەبوون.

" بۆردومانكردنی گوندی بەیت جن، دوای ئەوە هات كە كاروانێكی سوپای ئیسرائیل دوای چوونە ناوەوەی گوندەكە گەمارۆدرابوون و پاش رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ دانیشتووانەكەی، پاشەكشەیان كردبوو." تەلەفزیۆنی سوریا بەو شێوەیە بڵاویكردووەتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن