راچڵەكین-
لەگەڵ بەردەوامی پەیامەكانی مارك ساڤایا- نێدرەی تایبەتی ئەمریكا بۆ عیراق لەناردنی پەیامە هۆشدارییەكانی، كە جۆرێك لەنیگەرانی لە سیستمی سیاسی دەسەڵاتدار دروستكردووە، هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كەلەئێستادا رووبەڕووی دابەشبوونێكی توند بووەتەوە بەهۆی دەستنیشانكردنی پۆستی سەرۆككۆمار، هەوڵدەدەن ئەو دۆسێیە پێش دەستبەكاربوونی ساڤایا لەعیراق، یەكلا بكەنەوەو كۆتایی پێبهێنن.
ساڤایا لەدواهەمین پۆستیدا لەبارەی دۆخی عیراق نوسیوویەتی:" عیراق لەتوانایدایە ڕۆڵی باشترو زیاتر لەناوچەكە ببینێت، ئەگەر بێتۆ بابەتی بوونی چەك لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چارەسەر بكات و چەك لە سیاسیەت دووربخاتەوە، تا بتوانێت دەوڵەتێكی بەهێز دروست بكات كە جێی ڕێزی جیهان بێت. "
"هیچ گەشەیەك لەبواری ئابورییدا بەدی نایەت، هەروەك هیچ هاوبەشییەكی نێودەوڵەتی سەركەوتوو نابێت " لەژینگەیەكدا سیاسەت و دەسەڵاتی نافەرمی یەكانگیربن" ساڤایا وا دەڵێت.
نوێنەرەكەی ئەمریكا بۆ عیراق دەڵێت:" پێویستە ڕێز لەچوارچێوە دەستورییەكان بگیرێت و ڕێگری بكرێت لە هەموو جۆرە دەستوەردانێك كە دەبێتە هۆی لەكارخستنی پرۆسەی بڕیاردان و سەقامگیری دەوڵەت لاواز دەكات."
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق لەبارەی هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر ئەو هێزە سیاسیانەی كە گروپی چەكداریان هەیەو لەهەڵبژاردندا سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، رایگەیاندووە:" واشنتۆن بە بەغدادی راگەیاندووە، مامەڵە لەگەڵ ئەو گروپە چەكدارانەدا ناكات كە سزادراون، ناوی ئەو كەسایەتی و لایەن و تەنانەت بانكانەی روونكردووەتەوە كە ئەمریكا مامەڵەیان لەگەڵدا ناكات."