ڕاچڵەکین سپۆرت -
شەوی ڕابردوو لە گەڕی 14ی لالیگا لە یاریگای مۆنتیلیڤی بەرامبەر جیرۆنا بە ئەنجامی ١-١ یەکسان بوون، چابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید ڕەتیکردەوە ڕەخنە لە یاریزانەکانی بگرێت.
بەم یەکسانبوونە ڕیال مەدرید بۆ 33 خاڵ بەرزبووەوە و لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی لالیگادا مایەوە، بەرشەلۆنەی ڕکابەرە سەرەکییەکەی بە 34 خاڵ پێشەنگی گرتووە.
دوای یارییەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئەلۆنسۆ وتی: هەموو وەرزێک قۆناغەکانی خۆی هەیە، لە سەرەتای خولەوە لە یاریگاکانی دەرەوەدا یەکگرتوو بووین، بەڵام لە یارییەکانی ئەم دواییەدا هەندێک خراپیمان پێوە دیارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گێمی دووەم زۆر باشتر بوو لە گێمی یەکەم، توانیمان بگەڕێینەوە ناو یارییەکە، تیپەکە ئیرادەی خۆی نیشاندا بۆ گەڕانەوە دوای ئەوەی بە ئەنجامی 1-0 لەدوای بووین، هەروەها سێ چوار هەلی ڕوونمان هەبوو بۆ تۆمارکردنی گۆڵی دووەم و بردنەوە، دەبێت پارێزگاری لەو ئاستە بەرزە بکەین کە لەگەڵ یاریکردن لەگەڵ ڕیال مەدرید دێت، وە وەرزەکە هێشتا درێژە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من ڕەخنە لە یاریزانەکان ناگرم؛ وەڵامێکی ڕوون هەبوو، دەبێت بەردەوام بین بەم ڕۆحی یەکگرتووییە، بە ئاستێکی تەواو و خواستێکی ڕاستەقینە بۆ سەرکەوتن لە دەرەوەی یاریگامان هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ خشتەی قەرەباڵغی یارییەکان، ئێمە چانسی ئەوەمان هەیە کە ڕۆژی چوارشەممە بەرامبەر بلباو ئەو کارە بکەین.
ئەڵۆنسۆ ڕوونیشیکردەوە، چەند خولەکێکمان کەمبوو بۆ ئەوەی زیاتر کۆنتڕۆڵی یارییەکە بکەین، ئەوەش ئەوەیە کە کاری لەسەر دەکەین، دەبێت شیکاری بکەین بۆچی هەر لەسەرەتاوە نەمانتوانی کۆنترۆڵی یارییەکە بکەین.
لە کۆتاییدا وتی: "ئەمە چانسێکە بۆ بردنەوە لە دەرەوەی یاریگای خۆمان لە سان مامێس، هێشتا زۆر پێچ و پەنا لە ڕیزبەندیەکەدا هەیە، ئەمە کاتێکی باشە بۆ بەدەستهێنانی بردنەوە لە بلباو، پێویستمان بە بردنەوەیە و هەوڵدەدەین بە هەموو توانامانەوە بەدەستیبهێنین".