راچڵەكین-
ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننەكان شەش كەس وەك كاندید بۆ لەئەستۆ گرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەستنیشان دەكەن، بەڵام هێشتا رێكەوتن لەسەر هیچ كام لەو ناوانە نەكراوە.
عەمار عەزاوی، ئەندامی هاوپەیمانی سیادە، ئەمڕۆ دووشەممە 1ی كانونی یەكەمی 2025 رایگەیاندووە، هەرچەندە ئەو كەسانە كاندیدكراون، بەڵام بەدووریش نازانرێت لەدەرەوەی ئەم كاندیدانە رێكەوتن لەسەر كاندیدی تر بكرێت.
مەرجی سەرەكی ئەو كەسەش كە دەبێتە كاندیدی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەیە كە خاوەنی كەسایەتییەكی سەركردە بێت، پەیوەندی وەك یەكی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان هەبێت، قبوڵكراو بێت و هیچ ناڕەزایەتییەكی لەسەر نەبێت و توانای بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەبێـت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو شەش كەسەی تائێستا بەشێوەی نافەرمی كاندید كراون بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بریتین لە ( محەمەد حەلبوسی، سابت عەباسی، سالم عیساوی، مەحمود قەیسی، محەمەد تەمیم و موسەننا سەمەڕائی. )