راچڵەكین -
توركیا ناڕەزایی توند بەرامبەر راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی دژ بە دەوڵەتی باخچەلی دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، هەم لە ناوەڕۆك و هەم لە زمانەكەیدا جێگای قبوڵ نییە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش داوا لە سەركردایەتی پارتی دەكات رێوشوێنی بەپەلە بەرامبەر بەرپرسیارانی راگەیەندراوەكە بگرێتەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو بەیاننامەیەی لەلایەن وتەبێژی بارەگای بارزانیەوە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی توركیا (مەهەپە)ی كردووەتە ئامانج، هەم لە ناوەڕۆك و هەم لە زمانەكەیدا جێگای قبوڵ نییە.
وەزارەتەكە داوای لە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، سەبارەت بەم لێدوانە "بێ ڕێزی و ئیستفزازییە"، كە تۆمەتی بێ بنەمای تێدایە، رونكردنەوە بدات و بەپەلە رێوشوێن لە بەرامبەر بەرپرسیارانی بگرێتەبەر.
دوێنێ سێشەممە، بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی لێدوانێكی دەوڵەت باخچەلی لەبارەی سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ جیزرێ لە باكووری كوردستان، دابووەو و تێیدا هاتووە، "بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەكەی بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری، دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە كە دوورە لە هەموو عورفێك و خزمەتی هیچ لایەك ناكات".
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەشكردبوو، قسەكانی باخچەلی لەحاڵیكدایە كە هەموو ئەو وردەكارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی مەسعود بارزانی گیرابووەبەر، بەپێی تەوافوقێكی پڕۆتۆكۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم و توركیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەكاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەكانی توركیاش بۆ هەرێم، یەكە سەربازییە تایبەتەكانی توركیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێك ڕووینەداوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی هاتبوو، "سەردانەكەی بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی كە باخچەلی ئیدعا دەكات پشتیوانی لێ دەكات. ئێمە وامان دەزانی كە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت كردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە كە هێشتا گورگە بۆرەكەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".