پێتری ئۆرپۆ، سەرۆكوەزیرانی فینلەندا
راچڵەكین -
حكومەتی فینلەندا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێدانی گرەنتی ئەمنی بە ئۆكراینا ئاشكرا دەكات، سەرۆكوەیرانی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: هێزی سەربازی رەوانەی ئۆكراینا ناكەین و نامانەوێت سەركەشیی بەرامبەر رووسیا بكەین.
پێتری ئۆرپۆ، سەرۆكوەزیرانی فینلەندا، بە میدیای فەرمی وڵاتەكەی رایگەیاند: حكومەتی هێلسنكی ئامادە نییە هیچ جۆرە گرەنتییەكی ئەمنی بە ئۆكراینا بدات، بە پێیەی ئەو بابەتە زۆر گرنگ و هەستیارە، بەڵام دەتوانین یارمەتیی كیێڤ بدەین لە رێكخستنی كاروباری ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكەی.
سەرۆكوەزیرانی فینلەندا وتیشی:" هیچ بڕیارێكمان نییە بۆ رەوانەكردنی هێزی سەربازی بۆ ئۆكراینا، ئەو پرسە زۆر مەترسیدارە و ئێمەش نامانەوێ سەركەشیی بكەین و پێكدادانمان لەگەڵ رووسیا هەبێت".
ئەم هەڵوێستەی پێتری ئۆرپۆ لەكاتێكدایە، پێشتر وەزیری بەرگریی فیلنلەندا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندابوو بۆ چوونە پاڵ دەستپێشخەرییەكی وڵاتانی ئەوروپا بۆ كڕینی چەكی ئەمریكا و پێشكەشكردنی بە سوپای ئۆكراینا، كە بەهۆی كەمبوونەوەی چەك و تەقەەنییەكانی، توانای بەرگریكردنی لە بەرامبەر هێرشە فراوانەكانی سوپای رووسیا لاواز بووە.