راچڵەكین-
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار بابەتێكی تەنها سیاسی نییە، بەڵكو كارگێڕی و یاساییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی كانونی یەكەمی 2025، هەڤاڵ ئەبوبەكر لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەشێكی زۆری ئەو پرۆسەیە وابەستەیە بە هەڵبژاردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەهەرێمی كوردستان.
"بەش بەحاڵی خۆم، وەك پارێزگار لەماوەی ڕابردوودا سێ جار بەفەرمی و دەیان جار بەنافەرمی،چ لە حكومەت یان لایەنە دەسەڵاتدارەكان، داوامكردووە كە ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگاردا بكرێت، ئومێد دەكەم ئێستا گەیشتبێتنە ئەو بڕوایەی كە ئەو كارە ئەنجام بدەن." هەڤاڵ ئەبوبەكر وادەڵێت.
سەبارەت بەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، داوای لێكردبێت لەپۆستەكەی بمێنێتەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر ووتی:" نە لەئاستی باڵای یەكێتی باسكراوە، نە هیچ پرس و ڕایەك بەكەس كراوە، ڕێچكە یاساییەكەی چۆنە، بەو شێوەیە چووە بەڕێوە، چونكە پارێزگار دەبێت بەردەوام بێت تا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا."