راچڵەكین -
سكرتێری شتی ناتۆ، پشتیوانی خۆی بۆ ئۆكراینا دووپاتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: لە هاوكاریكردنی كیێڤ لەڕووی سەربازییەوە بەردەوام دەبین و ئەو وڵاتەش دەبێ لە دۆخێكی زۆر بەهێزدا بێت.
مارك روتە، سكرتێری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەندامانی ناتۆ لە برۆكسل، رایگەیاند: وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەسەر هەڵوێستی پێشوویان بەرامبەر ئۆكراینا، بەردەوامن و دەستبەرداری ئەو وڵاتە نابن لە شەڕی بەرامبەر رووسیا.
سكرتێری ناتۆ وتیشی:" بەردەوام دەبین لە هاوكارییە سەربازییەكانمان بۆ سوپای ئۆكراینا، بۆئەوەی بتوانێت بەرامبەر هێرشەكانی رووسیا خۆڕاگربێت و بەرگریی تەواو لە خاكی وڵاتەكەی بكات".
مارك روتە جەختی لەوەكردەوە كە ئۆكراینا دەبێ لە دۆخێكی زۆر بەهێزدا بێت، چ لە بەرەنگاربوونەوەی رووسیا و چ لە دانوستانەكانی پەیوەست بە كۆتایی هێنان بە جەنگ و رێككەوتنی ئاشتی.
لێدوانەكەی سكرتێری ناتۆ هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان ئۆكراینا و رووسیا، كە خۆی لە پلانە 28 خاڵییەكەی دۆناڵد ترەمپ دەبینێتەوە، كە بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپای هاوپەیمانی ئۆكراینا، بە بەشێك لە پلانەكە رازی نین و داوای لابردنی ئەو بڕگانە دەكەن كە پێیان وایە لە بەرژەوەندیی رووسیایە.