راچڵەكین -
شەڕو پێكدادانی چەكداری لەنێوان چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی سووریا روویدا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانیش، چەند چەكدارێك كوژران و بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3-12-2025، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لەشاری سەرێ كانی لە گوندەوارەكانی باكووری حەسەكە، شەڕ و پێكدادانی چەكداری لەنێوان چەكدارانی پۆلیسی سەربازیی سەر بە حكومەتی سووریا دروستبوو، هەردوو لایەنی شەڕەكە، چەكی جۆراوجۆریان لەدژی یەكتر بەكارهێنا و بەهۆیەوە لانی كەم چەكدارێك كوژرا و سێ چەكداری دیكەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە سەرچاوەیەكی ناو شاری سەرێ كانی دەستیكەوتووە، شەڕەكە بەهۆی ناكۆكیی نێوان چەكدارەكانی سەر بە پۆلیسی سەربازیی سووریا لەسەر ئەو كەلوپەلانە روویداوە كە هی خەڵكی ناوچەكەیە و لەلایەن ئەو چەكدارانەوە تاڵانکراوە، دوای ئەوەی چەند بەرپرسێكی هێزەكانی سووریا ویستوویانە بەشی زۆری كەلوپەلەكان بۆخۆیان ببەن، لەلایەن گروپێكی دیكەی سەر بە هەمان هێز رێگرییان لێكراوەو بە هۆیەوە شەڕو پێكدادان لەنێوانیاندا دروستبووە.
شاری سەرێ كانی لە رۆژئاوای كوردستان، كە پێشتر لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات بوو، ساڵی 2019 لەئەنجامی هێرشێكی سوپای توركیا و گروپە چەكدارە تیرۆریستییەكانی سەر بە ئەنكەرە، داگیركرا و دانیشتووانەكەشی ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و ئاوارەی ناوچەكانی دیكە بوون.