راچڵەكین -
وتەبێژی فەماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر ئاشكرا دەكات و رایگەیاند: بە گوێرەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، هێرشەكە لە رێگەی دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەنجامدراوە، كە لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی خوورماتووەوە ئاڕاستەكراون و یەكێكیان بەر كێڵگەكە كەوتووە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر پێكهێنرا، لیژنەكە بە سەرۆكایەتی وەزیری ناوخۆی عیراق و ئەندامیەتی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێك لە رۆژی 28ی 11ی 2025 دەستی بە كارەكانی كرد و ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامەكانی راگەیەندرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بەم شێوەیە بووە:
1-هێرشەكە بە دوو درۆن ئەنجامدراوە، یەكێكیان بەر كێڵگەكە كەوتووە و ئەوی دیكەش لە دەرەوەی كێڵگەكە كەوتووەتە خوارەوە، پارچەی تێكشكاوی هەردوو درۆنەكەش كۆكراوەتەوە.
2- ئەو دوو درۆنەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە، لە بەشی باشووری كێڵگەكە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو ئاڕاستەكرابوون.
3-ئەم هێرشە 11یەمین هێرشە بۆسەر كێڵگەكە لەناوچەی ناوهێنراو.
4-گەیشتین بە ناوی ئەنجامدەرانی هێرشەكە، كە كەسانی لەیاسادەرچوون و هەندێكیان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و لایەنە ئەمنییەكان دەستیان بە راوەدوونانیان كردووە.
5-دوای دەستنیشانكردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەكە، دەزگا ئەمنییەكان دەستیان كردووە بە كۆكردنەوەی بەڵگە هونەرییەكان بەمەبەستی تاوانباركردنیان و رادەستكردنیان بە دادگا.