راچڵەكین-
حكومەتی عیراق لەبڕیاری ناساندنی هەریەك لە گروپەكانی حیزبوڵای لوبنانی و حوسییەكانی یەمەن وەك تیرۆرست پاشگەزبوەو ناوەكانیانی لەلیستی " تیرۆر" دەرهێنا.
لیژنەی سڕكردنی سەروەت و سامانی تیرۆرستان لە بانكی ناوەندیی عیراق لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، پشتبەستوو بە بڕیاری لیژنەی سڕكردنی سەروەت و سامانی تیرۆرستان ژمارە 61ی ساڵی 2025 كە لە رۆژنامەی واقائعی عیراقی بە ژمارە 4848 لە 17/11/2025دا بڵاوكرایەوەو، سڕكردنی سەروەت و سامانی لیستێك لە قەوارەو كەسایەتی پەیوەست بە رێكخراوی داعش و قاعیدەی تیرۆرست لەخۆدەگرێت لەسەر بنەمای داوای دەوڵەتی مالیزیا و پشتبەست بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ژمارە 1373ی ساڵی 2001، لیستەكە ئاماژەی بە ژمارەیەك حزب و قەوارە كردبوو كە هیچ پەیوەندییەكیان بە چالاكی تیرۆریستییەوە نییە لەگەڵ ئەو دوو رێكخراوی كە باسكراون.
ئەوەش ڕوونكراوەتەوە،رەزامەندی عیراقیش تەنیا لەسەر پۆلێنكردنی قەوارەو كەسەكانی سەربە داعش و قاعیدە كورت بووەتەوەو، دانانی ناوی قەوارەكانی تر بەهۆی ئەوە بووە لیستەكە بەر لە وردبینیكردنی بڵاوبووەتەوە، ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی عیراقیدا بڵاوبووەتەوە راستدەكرێتەوەو ناوی ئەو قەوارەو حزبانە لە لیستی قەوارەكانی پەیوەست لە رێكخراوە تیرۆرستییەكانی داعش و قاعیدە دەردەهێنرێت.