سودانی توڕەیەو داوای لێپرسینەوەو سزادان دەكات

عێراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 204


راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی عیراق داوا دەكات " بەپەلە" لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت بۆ دەستنیشانكردن و سزادانی ئەو كەسانەی كەمتەرخەمیان نواندووە لە بڵاوكردنەوەی بڕیاری سڕكردنی پارەی تیرۆرستان لەنێویشیاندا " حیزبوڵای لوبنانی و حوسییەكانی یەمەن."

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، ئەوەی لەژمارە 4848ی رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوكراوەتەوەو تیایدا ئاماژە كراوە بە بڕیاری لیژنەی سڕكردنی پارەی تیرۆرستان بەژمارە 61ی ساڵی 2025، ناوەڕۆكەكەی پێچەوانەی هەڵوێستی راستەقینەی عیراقە، ڕەزامەندی بەغداد لەسەر سڕكردنی پارەی تیرۆرستان لەسەر داوای لایەنی ملیزیی بووەو تەنها ئەو قەوارەو لایەنانەی گرتووەتەوە كەسەر بەهەردوو ڕێكخراوی تیرۆرستی قاعیدەو داعشی تیرۆرستن.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراقدا هاتووە، هەڵوێستە سیاسی و مرۆڤایەتییەكانی عیراق لەبەرامبەر كردە دوژمنكارییەكان لە لوبنان و فەڵەستین، هەڵوێستی بیرو باوەڕن و دوورن لە موزایەدەكردن.

راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق لەكاتێكدا دێت، ئەمڕۆ رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی لە ژمارەی 4848ی خۆیدا لەڕێكەوتی 17-11-2025 بڕیارێكی (لیژنەی سڕكردنی سامانی تیرۆرستانی) بە ژمارە 61 لە 28-10-2025 بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا ئاماژە كراوە بە " بلۆككردنی سامانی تیرۆرستان"ی 24 قەوارە كەوەك ڕێكخراوی تیرۆرستی ناویان هێنراوە.

لەنێو ئەو ڕێكخراوانەشدا هەریەك لەحیزبوڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەن دێن كەبەتاوانی " بەشداریكردن لە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستی" خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.

بەڵام هەر زوو راگەیەندراوێك لە لیژنەی سڕكردنی سەروەت و سامانی تیرۆرستان لە بانكی ناوەندیی عیراق بڵاوكرایەوە كە تیایدا ئەوە روونكراوەتەوە، رەزامەندی عیراقتەنیا لەسەر پۆلێنكردنی قەوارەو كەسەكانی سەربە داعش و قاعیدە كورت بووەتەوەو، دانانی ناوی قەوارەكانی تر وەك ( حیزبوڵاو حوسییەكان) بەهۆی ئەوە بووە لیستەكە بەر لە وردبینیكردنی بڵاوبووەتەوە.

لەراگەیەندراوەكەدا ئەوەش ئاماژە بەوەكراوە، ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی عیراقیدا بڵاوبووەتەوە راستدەكرێتەوەو ناوی ئەو قەوارەو حزبانە لە لیستی قەوارەكانی پەیوەست لە رێكخراوە تیرۆرستییەكانی داعش و قاعیدە دەردەهێنرێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن