راچڵەكین -
سەرۆككۆماری عیراق ناوەڕۆكی ئەو نامەیە ئاشكرا دەكات كە لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە ئاڕاستەی كراوەو تێیدا دۆناڵد ترەمپ جەخت لە كۆتایی هێنان بەو ململانێیانە دەكاتەوە كە چەندین سەدەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025، د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عیراق، لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە جوشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆككۆماری عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە دیدارێكدا وێڕای تاووتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا و چۆنییەتی گەشەپێدانی لەسەرجەم بوارەكاندا، هەروەها گرنگیی هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی ناوچەكە، سەرۆككۆماری عیراق سوپاس و ستایشی سەرۆكی ئەمریكای كرد لەبەرامبەر ئەو نامەیەی كە رۆژی 21ی مانگی رابردوو ئاڕاستەی كردبوو، تێیدا دۆناڵد ترەمپ، جەختی كردبووەوە لەسەر هەوڵدان بۆ كۆتایی هێنان بەو ململانێیانەی كە چەندین سەدەیە بەرۆكی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، هیواشی خواستبوو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناكۆكییە درێژخایەنەكانی رابردوو تێپەڕێنێت لەپێناو رزگاركردنی گیانی هاووڵاتیان لەهەموو ناوچە و كیشوەرێك.
د. لەتیف رەشید پێشوازیی لە پابەندییەكانی سەرۆكی ئەمریكا كرد كە لەگەڵ بڕوای خۆی یەكدەگرێتەوە، كە هەموو ناكۆكییەكان لەبری توندوتیژی، دەكرێ بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن.