یەكێتی لەسەر شێواندنی گۆڕی كریستیانەكانی كۆیە روونكردنەوە دەدات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 327

راچڵەكین -

مەڵبەندی رێكخستنی كۆیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شێواندن و تێكدانی گۆڕی كریستیانەكان بە كارێكی تێكدەرانە ناودەبات بە ئامانجی لەباربردنی گیانی پێكەوژیانی نێوان پێكهاتەكان، داواش دەكات ئەنجامدەرانی ئەم كارە دەستگیر بكرێن و رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە.

لەو روونكردنەوەیەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 بڵاویكردووەتەوە، مەڵبەندی رێكخستنی كۆیەی یەكێتی، ئامادەیی دەردەبڕیوە بۆ سڕینەوەی شوێنەواری ئەم كارە تێكدەرانەیەو نۆژەنكردنەوەی گۆڕە شێوێندراوەكان.

دەقی روونكردنەوەكە: 

ڕونكردنەوەیەك لەمەڵبەندی ۱٤ی كۆیە سەبارەت بەدیاردەیەكی نامۆ بەمێژوو و كلتوری پێكەوەژیان لەكۆیە

رەنگدانەوەی ژیانی پێكەوەیی و كلتوری یەكتر قوبوڵكردن و بەشداری بۆنەئاینی و كۆمەڵایەتیەكان، لەنێوان ئایینە جیاوازەكان لەشاری كۆیە، سیمایەكی شارستانیەتی نوێ و پێشكەوتن خوازی خەڵكی سنوری قەزای كۆیەن، كە لەماوەی سەدەكانی ڕابردوو تائێستا ئەم كلتوری بەیەكەوەژیانە ڕۆژ بەڕۆژ تێكەڵ بەپێكهاتەكانی ئەم شارە بووە.

چەند ڕۆژێكە خەڵكانێكی تێكدەرو نامۆ بەكلتورو ڕەسەنایەتی ئەم شارە و خەڵكانێكی داماڵدراو لەبەهای ڕۆشنبیری، بۆ لەباربردنی ئەم گیانی تەبایی و پێكەوەژیانە، دەستیان داوەتە شێواندن و تێكدانی چەند گۆڕی كەسایەتییە كریستیانەكانی سنوورەكەمان.

بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە ئەم جۆرە دیاردە نەخوازراوانە بەلای خەڵكی ڕەسەنی سنورەكەمان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە قبووڵ نەكراوەو هەرگیز چاوپۆشی لێ ناكرێت.

لێرەشەوە داوا دەكەین هەرچی زووە هێزە ئەمنییەكانی سنورەكەمان، ڕێكاری توند بگرنەبەر بۆ دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی ئەم كارە قێزەونە و رووبەڕووكردنەوەیان بە یاسا، تا كەسانێك تەنانەت نەتوانن بە خەیاڵیش بیر لە تێكدانی ئەو نموونە جوانەی بەیەكەوەژیانە لەكوردستان و شارەكەمان بكەنەوە.

هاوكات وەك مەڵەندی ۱٤ۍ كۆیە ئامادەیی تەواو دەردەبڕین بۆ سڕینەوەی شوێنەواری ئەم كارە تێكدەرانەیەو نۆژەنكردنەوەی گۆڕە شێوێندراوەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن