راچڵەكین -
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، گەشتكردنی هاووڵاتیانی ئەمریكای بۆ ڤەنزوێلا قەدەغەكرد و لە پەیامێكی بەپەلەشدا داوای لەو هاووڵاتییانەی كرد كە ئێستا لە ڤەنزوێلان، بەپەلە خاكی ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشدارییەكی بەپەلەی بڵاوكردەوەو تێیدا داوای لە هاوولاتیانی وڵاتەكەی كرد بەهیچ شێوەیەك سەردانی ڤەنزوێلا نەكەن، هاوكات داواشی لەو هاوولاتییانەی ئەمریكا كرد كە ئێستا لەو وڵاتەن، بەپەلە بگەڕێنەوە، یاخود خۆیان بگەیەننە وڵاتێكی دراوسێی ڤەنزوێلا، بۆئەوەی دواتر بتوانن بە ئاسانی بگەڕێنەوە بۆ ئەمریكا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی لەساڵی 2019ەوە سەرجەم تیمە دیپلۆماتكارەكانی لە كاراكاس-ی پایتەختی ڤەنزوێلا كشاندووەتەوە، بۆیە ناتوانن هیچ هاوكارییەكی ئەو هاووڵاتییانەی ئەمریكا بكەن كە ئێستا لەو وڵاتە نیشتەجێن، بۆیە پێویستە بەهەر رێگە و شێوازێكی گونجاو لەو وڵاتە بچنە دەرەوە.
پەیامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڤەنزوێلا.