راچڵەكین-
شاندی كۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا، پوختەی سەردانەكەیان بۆ ئیمڕاڵی و دیداریان لەگەڵ عەبدولا ئۆجەلان-ی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە پەرلەمانی توركیا خوێندەوە.
نوعمان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، كۆنووسەكان ئاشكرا ناكرێن، بەڵكو لەبری ئەوە پوختەیەكیان لەبارەی كۆبوونەوەكە ئامادەكردووە كە هەموو تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە لەخۆدەگرێت.
وەك لە پوختەی كۆنووسەكەدا هاتوەو، ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری وتویەتی، لە سەرەتای پرۆسەكەوە لەسەر ئەو بەڵێنانە بووە كە داویەتی و ئەگەر هەلومەرج لەبار بێت توانای تیۆری و كرداری هەیە بۆ جێبەجێكردنی، هەروەك جەختی لە گرنگیی برایەتیی تورك و كورد كردوەتەوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، وازی لە شێوازی چەكداری هێناوە و شێوازی سیاسیی گرتووەتەبەر و بانگەوازی 27ی شوبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێكهاتەكانی پەكەكە و دانانی چەك لەلایەن كۆمەڵگەوە پێشوازیی لێكراوە و خەڵك چاودێریی ئەم پێشهاتە دەكات و لە سوریا و عیراقیش كاریگەریی هەیە.
كاتێك پرسیاری لێكراوە فەرهاد عەبدی شاهین ( مەزڵوم عەبدی) دەناسیت؟ ئۆجەلان وتوویەتی، كەسێكی نزیكی خۆیەتی.