راچڵەكین
لەهەوڵێكدا بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق، چوارچێوەی هەماهەنگی بەنیازبووە نامەیەك بەناوی 9 پاڵێوراو بۆ ئەو پۆستە ڕەوانەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان بكات، بەڵام لەلایەن سیستانی-ەوە ڕەتكراوەتەوە.
رائید مالیكی، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی داوایان لە عەبدولهادی حەكیم، كەسایەتی دیاری ئایینی نەجەف كردووە، نامەیەكیان بگەیەنێت بە سیستانی كە تیایدا سەركردەكانی چوارچێوەكە داوای ڕاو بۆچوونی مەرجەعی باڵایان كردووە لەبارەی 9 لە كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عیراق.
بەوتەی رائید مالیكی، مەرجەعی باڵای شیعەكان ڕەتیكردووەتەوە نامەكە وەربگرێت و ئاماژەی بەوەكردووە، ئامادەنییە دەستوەردان بكات لەدیاریكردنی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عیراق، پێشتریش ئەو كارەی نەكردوە.
عەلی سیستانی بە ڕەتكردنەوەی ئەو نامەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو پەیامەی پێگەیاندوون كە نایەوێت ناوی مەرجەعییەت بەكاربهێنرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە حزبەكان وردەكارییەكەی بەگوێرەی میكانیزمە باوەكان دابڕێژن كە ئەویش خۆی لە " بەش بەشكاریدا" دەبینێتەوە، كە ئەوەش دواتر هەنگاو دەنێت بەرەو گەندەڵی.