راچڵەكین-
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی ناوەراست و باشوری عیراق بڵاوكردەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە ئەوانەی داواكارییان بۆ وەرگرتن لە زانكۆكانی ناوەراست و باشوری عیراق پێشكەشكردبوو لە ئێستادا دەتوانن لە ڕێگەی (dirasat.mohesr.gov.iq) ئەنجامی وەرگرتنیان وەربگرنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی كانوونی یەكەمی 2025 نەعیم عەبودی- وەزیری خوێندنی باڵای عیراق وخەتاب ئەحمەد شێخانی- بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەواین هاوبەش لەشاری بەغداد، ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی هەرێمی كوردستانیان لە زانكۆكانی ناوەراست و باشوری عیراق و ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی ناوەراست و باشوری عیراقیان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.
پێشتر بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی فیدراڵ، بریاردرا بە دابینكردنی ٤٠٠ كورسی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی ناوەراست و باشوری عیراق بۆ خوێندكاران و قوتابیانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی كوردستان، بەپێچەوانەوە دابینكردنی ٤٠٠ كورسی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خوێندكاران و قوتابیانی دوانزەی ئامادەیی ناوەراست و باشوری عیراق.
بۆ ئەم مەبەستە لە 127 خوێندكاری هەرێمی كوردستان كوردستان كە داواكارییان پێشكەش كردبوو 105 خوێندكاری هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی ناوەراست و باشوری عیراق وەرگیران، هەروەها لە 1657 خوێندكاری ناوەراست و باشوری عێراق 263خوێندكار لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران.
لە ئێستاوە سەرجەم وەرگیراوان پێویستە پەیوەندی بەو كۆلێژ و بەشانەوە بكەن كە ناویان لێ گەڕاوەتەوە بە مەبەستی دەست كردن بە مامەڵەی وەرگرتن.
دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی لینكی (dirasat.mohesr.gov.iq) دەتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی ناوەراست و باشوری عیراق بدۆزنەوە.
هەروەها دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ناوەراست و باشوری عێراق لە ڕێگەی لینكی (regayzanko.com) دتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بدۆزنەوە.