وەفدی باڵای یەكێتی لەگەڵ قەیس خەزعەلی كۆدەبێتەوە

کوردستان

17 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 126

راچڵەكین -

ئەمشەو لە شاری بەغدا، وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب كۆبووەوە.

وەفدە باڵاكەی یەكێتی كە پێكهاتوون لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز كۆسرەت رەسول، نزار ئامێدی، خالید شوانی و  یوسف گۆران، لەچوارچێوەی سەردانەكەیان بۆ شاری بەغدا، لەگەڵ قە.یس خەز.عەلی كۆبوونەوە و دید و بەرنامەی یەكێتییان بۆ داهاتووی عێراق و هەروەها داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا روونكردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: یەكێتی بەغدا بە قوڵایی ستراتیژی خۆی دەزانێت و پێیوایە دەبێت هەموو كێشەكانی عێراق و لەناویشیاندا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەناوخۆی عێراق و بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای رەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەموو عێراق چارەسەر بكرێن.

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقیش، قوباد تاڵەبانی وتی:" عێراق پێویستی بە حكومەتێكی بەهێز و كارا هەیە كە بتوانێت لەلایەكەوە سەروەریی و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت و لەلایەكی دیكەشەوە هەنگاوی بنەڕەتیی بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵات".

قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەشكردەوە كە خواست و سیاسەتی یەكێتی، عیراقێكی بەهێز و خاوەن ئابورییەكی بەهێزو سەقامگیرە كە تیایدا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە بنەڕەتی چارەسەر كرابێت، بەتایبەت بودجە و مووچە كە مافێكی دەستوریی هاووڵاتییانی كوردستانە و ئەركی حكومەتی داهاتووی عیراقە بە دوور لە ناكۆكییە سیاسییەكان، بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

وەفدە باڵاكەی یەكێتی جیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب، لەگەڵ هەریەك لە فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق و هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر كۆبووەوە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن