داواكاری گشتیی دادگای لاهای بە 15 ساڵ زیندانیكردن سزادەدرێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 539

كەریم خان، داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی

راچڵەكین -

دادگایەكی رووسیا سزای 15 ساڵ زیندانیكردن بەسەر داواكاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای و چەند دادوەرێكی دیكەی دادگاكە دەسەپێنێت بەتاوانی راوەدوونانی هاووڵاتیانی رووسیا بەشێوەیەكی نایاسایی.

میدیاكانی رووسیا بڵاویانكردەوە، دادگای باڵای ئەو وڵاتە بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای زیندانیی 15 بەسەر كەریم خان، داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بە تاوانی راوەدوونانی كەسێكی بێ تاوان و دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی و هەروەها ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنە سەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەك كە پارێزبەندیی نێودەوڵەتییان هەیە.

داواكاریی گشتی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، جگە لە كەریم خان، چەند دادوەرێكی دیكەی دادگای لاهای بە هەمان تاوان سزای زیندانیكردنیان لەنێوان ( 3.5 - 13 ) ساڵ بەشێوەی غیابی بەسەردا سەپێندراوە.

مانگی رابردوو، لیژنەی لێكۆڵینەوەی رووسیا كۆتایی بە لێكۆڵینەوەكانی لەو دۆسییەیە هێنا كە لەدژی داواكاری گشتی و دادوەرانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تۆماركرابوون بە تاوانی راوەدووانی هاووڵاتیانی رووسیا بەشێوەیەكی نایاسایی، دۆسییەكەش وەك كاردانەوەیەك دێت بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای لاهای لە مانگی ئاداری 2023 بۆ دەستگیركردنی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بەتاوانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆكراینا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن