دەزگای ئاسایش لەسەر رووداوەكەی چەمچەماڵ دێتەدەنگ

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 489

راچڵەكین -

دەزگای ئاسایشی هەرێم لەسەر رووداوەكەی ئەمڕۆی قەزای چەمچەماڵ كە بووە هۆی برینداربوونی سێ كارمەندی ئاسایش، دێتەدەنگ و رایدەگەیەنێت: دەستێكی رەش پەلاماری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای دا و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەش بەردەوامە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش و بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سەرەڕای جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانیان بۆ ئەنجامدانی كاری مرۆیی، لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و ڕزگاركردنی خەڵكی چەمچەماڵ و دەووروبەری لەو ڕووداوە سروشتییەی كە ناوچەكەی گرتەوە، وەك قەڵغانێك پارێزەر و هاوكاری خەڵك و تیمەكانی خزمەتگوزاری و ڕێكخراوە خێرخوازییەكان بوون.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرەڕای ئەم ئەرك و ماندبوونە بۆ خزمەتی خەڵك، ئەمڕۆ هەینی 12-12-2025، دەستێكی رەش پەلاماری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای دا، بووە هۆی برینداربوونی سێ كارمەندی ئاسایش و لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بەردەوامە.

ئەمڕۆ لەكاتی دابەشكردنی كەلوپەل و هاوكاری بەسەر زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ، چەكدارێك تەقەی لە هێزەكانی ئاسایش كرد و بەهۆیەوە سێ كارمەندی ئاسایش بریندار بوون، كە برینی یەكێكیان سەختە.

لەبارەی رووداوەكەش، عەتا محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەوانەی هۆكاری ئاژاوەكەی چەمچەماڵ بوو، پێشمەرگەن لای عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك، كە كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن